|
سێ شەممە, 22 حوزەیران 2010 22:55 |
|
كاتێك هەر یەكێك لە ئێمە دووچاری ناخۆشی، یان گرفتێك دەبین، هاوار دەكەینو دەڵێین: ژیان پڕە لە دەردەسەریو ناخۆشیو خەمو خەفەت، كاتێك هەر یەك لە ئێمە دووچاری گەرماو ناڕەحەتییەك، یا دەردەدارییەك بووین، بە دڵنیاییەوە دەڵێین: مرۆڤ هیچ كات ئیسراحەت لە ژیان ناكات! ئەمە حاڵو بیركردنەوەی زۆرێك لە مرۆڤەكانی ئەمڕۆیە، لە ڕاستیدا پێویستە هەر یەك لە ئێمە بە هۆشیارییەوە ژیان بگوزەرێنین، ئەگەرنا كاتێك كەسێك فێڵێكی لێكردین، یان درۆیەكی لەگەڵا كردین بە ڕەشبینیو نائومێدییەوە بۆ ژیان دەڕوانینو دەڵێین: ژیان پڕە لە مرۆڤی گورگ ئاسا! لەم وتارەدا داوا لە تۆی خوێنەر دەكەم، بە جوانیو سەرنجی وردەوە بڕوانیت بۆ ژیان، هیوا بە خۆت بدەو هەمیشە خێرو چاكەو خۆشەویستی بڵاو بكەرەوە، ئەگەر وانەكەیت ئەوا لە دنیادا لە دەوروبەرت بێ هیواو ڕەشبین دەبیت! یان دەبیتە كەسێك هەمیشە هەواڵی ڕەشبینیو بێ هیواییو نائومێدی بڵاودەكەیتەوە. لەو كەسانە مەبە كە هەمیشە دەڵێن: مرۆڤ تیاچووە، ژیان نەماوە، پڕە لە ناڕەحەتی، هەرگیز هەناسەیەكی خۆشی هەڵناكێشین، بە پێچەوانەوە ببە بەو مرۆڤەی بە هیواو ئاواتو گەشبینییەوە بۆ ژیان دەڕوانێت، چیرۆكی گەشبینان بخوێنەرەوەو هەوڵا بدە وەكو ئەوان بیربكەیتەوە، با پێكەوە لەم چیرۆكە كورتە ڕابمێنین: دەگێڕنەوە پیاوێكی باشو گەشبینو خواناس، بە بیابانێكدا دەڕۆیشت، لە ڕێگەدا چاوی كەوت بە پیاوێك لەسەر ئەو لمە گەرمەی بیابان زۆر بە خەمبارییەوە ڕاكشابوو، حاڵی زۆر خراپ بوو، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو، وەخت بوو گیان بدات، بە دەنگێكی كزۆڵەوە سكاڵای تینویەتیو برسییەتی دەكردو دەیگوت: كێ قومێك ئاوم پێ دەدات، كێ تیكەیەك نانم دەداتێ، كێ بە هانامەوە دێو لەم برسێتییە ڕزگارم دەكات؟ پیاوە باشەكە زۆر بەزەیی بە حاڵیدا هاتەوە، هەر بۆیە لە ئەسپەكەی دابەزیو خواردنو ئاوی بۆ برد، لەو بیابانە چۆڵاو بێروونەدا كە جگە لە خودا دەنگی بە هیچ كەس نەدەگەیشت، هەموو داواكارییەكانی بۆ جێبەجێكرد، پاش ئەوەی نانو ئاوی خواردو زۆر سوپاسی ئەم پیاوە باشەی كرد، لە هەمان كاتدا داوای لێكرد لە دوای خۆیەوە سواری بكاتو لەو بیابانە چۆڵە ڕزگاری بكات، تا دەگاتە شوێنێك ئاوەدانی لێبێت! پیاوە باشەكە پێی گوت: نا لە دوای خۆمەوە سوارت ناكەم، بەڵكو تۆ سەركەوە سەر پشتی ئەسپەكەو من بە پێ دەڕۆم، هەر چەندە سەرەتا پێداگری كرد، بەڵام سەرەنجام ڕازی بوو، پێكەوە ڕۆیشتن، خاوەن ئەسپ پیادەو لێقەوماویش بە سواری، تا ئەو كاتەی نزیك بوونەوە لە ئاوەدانی، وتی: تۆ پێویست بە حەوانەوەیەو ماندوویت، نۆرەی منە بە پێ بڕۆم، لەم قسانەدا بوو، جڵەوی ئەسپەكەی توند كردو غاریداو خاوەن ئەسپو فریاد ڕەسەكەی بیابانی جێهێشت! لە خاوەن ئەسپ دوور كەوتەوە، خاوەن ئەسپ سەرەتا سەری سوڕما چی ڕوو دەدا؟! پاشان بیری كردەوەو زانی ئەو كابرایەی لە كەناری مەرگ بوو، دزەو ئەوە پلان بووە بۆئەوەی ئەسپەكەی لێ بدزێت! خاوەن ئەسپ بانگی كرد: تكایە بووەستە تەنها یەك قسەت پێ دەڵێم پاشان بڕۆ! سوودی نەبوو، بۆ جاری دووەم بانگی كردەوە: ڕەحمەتی خودات لێبێت، بەڵێن بێت ئەسپەكەم ناوێتەوەو بۆ تۆ بێت، تەنها ڕابووەستەو گوێبگرە با یەك قسەت پێ بڵێم! دزەكە كاتێك گوێی لەم قسەیە بوو لە دوورەوە وەستاو وتی: فەرموو چیت دەوێت بێڵێ: گوێم لێتە! دەزانن ئەم پیاوە چی پێ گوت؟ ڕەنگە هەموومان وا خەیاڵا بكەینو بڵێین، پێی وتووە ئەمە وەڵامدانەوەو پاداشتی چاكەكەم بوو؟ یاخود ڕەنگە وا هەست بكەین ویستوویەتی بە هەر فێڵێك بێت بە دەم قسە كردنەوە لێی نزیك بێتەوەو ئەسپەكەی لێ بسەنێتەوە! نا خۆشەویستان ئەم پیاوە باشە بە كابرای دزو بێ وەفای گوت: سوێندت دەدەم بە خودا، ئەم كارەت لای خەڵكی باس مەكە، نەبادا بە بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگو باسە خەڵكی چاكەو پیاوەتیان لا ناشیرین ببێتو یارمەتی لێقەوماوان نەدەن!! داواكاری ئەم پیاوە لێبوردەو بەخشندەیە لەو كەسەی پەلاماری ئەسپەكەی داوەو فڕاندوویەتی، لەو كەسەی لە لێواری مەرگ ڕزگاری كردووەو لە بیابانی چۆڵاو بێرووندا بە هانایەوە چووە، ئەوەیە كە داوای لێدەكات هەواڵەكە لای خەڵكی باس نەكات، نەبادا خەڵكی لە پیاوەتیو چاكەكردن دوور بكەونەوە! ڕەنگە ئەم هەڵوێستەت بە لاوە سەیر بێت، بەڵام ئەم كەسە چاكەی نەكردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ پاداشتی بداتەوە، ئەو تەنها لەبەرخاتری خودایەك چاكەكارە كە هیچ چاكەیەكی لێ ون نابێت، بۆیە هیچ كات لە چاكە كردن پەشیمان نییە! هەربۆیە داوا لە دزەكە دەكاتو دەڵێت: ئامان زمانت بگرەو ئەم ڕووداوە بۆ كەس نەگێڕیتەوە، نەبادا بیرۆكەی خراپو ڕەشبینانە لە نێو خەڵكیدا بڵاو ببێتەوەو بترسن لە یارمەتیدانو هاریكاریكردنی لێقەوماوان! سەرنج بدە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، خەڵكی بە پێچەوانەی ئەم پیاوە باشەوەن، زۆر كەم لە دەمی خەڵكی چاكەو پیاوەتیو هەڵوێستی مەردانە دەبیستین، هەر كەس بدوێنی گلەیی لە دەوروبەرو دۆستەكانی دەكات، نموونەگەلێك دەبیستین كە جگە لە بڵاوكردنەوەی ڕەشبینیو نا ئومێدی سوودێكی تری نییە! ئێستا دەپرسین ئایا دەكرێت لەمەودوا چاكە كارانو گەشبینان بكەینە سەرمەشقی خۆمانو چاویان لێ بكەین؟ دەگونجێت ئێمەش لەمەودوا تەنها بیرۆكە چاكەكانو گەشبینەكان بڵاوبكەینەوە، لە بەرامبەردا هەوڵا بدەین بیرۆكە خراپو كردارە ناشیرینەكان بشارینەوەو باسیان نەكەین؟ چ زیانێكی هەیە ئەگەر بە شێوەیەكی پۆزەتیف بیر بكەینەوەو هانی نەوەكانمان بدەین بۆ سەركەوتنو هەڵوێستی مەردانەو چاكەو پیاوەتی كردن؟ بۆچی هەمیشە ڕەشبینانە بۆ دنیاو دەوروبەرەكەمان دەڕوانینو هەموو پەنجەرەی هیواو ئاواتو گەشبینییەكان لەسەر خۆمان دادەخەین؟! كەواتە خوێنەری ئازیز وەرە با پێكەوە بەڵێن بدەین، لەمەودوا تەنها هیواو ئاواتو گەشبینی بڵاوبكەینەوە، با بەردەوام هەواڵی خۆش بە خەڵكی ڕابگەیەنین، هەر چەندە دووچاری ناخۆشیو ناڕەحەتیش هاتبین، بزانە كە بەرەكەتو ڕەحمەتی خودا یەكجار زۆرەو خەزێنەو گەنجینەكانی بێ سنوورە. وەرە با هەموو شتێكی جوانو چاك گەورە بكەینو بڵاوی بكەینەوە، هەموو شتە ناشیرینو خراپەكانیش بچووك بكەینەوەو بیان شارینەوەو هیچ كات نەیان دركێنین! بزانە ئەمە كارێكی پێویستو گرنگە لەم زەمانەی زۆرێك لە خەڵكی سكاڵای بێزاریو نائومێدی بووەتە ویردی سەرزاریان. وەكو ڕووناكی خۆر بە، بە تیشكی ڕووناكو زێڕینی هەورە ڕەشەكان دادەپۆشێت، بەهرەو بەخششەكانی خودا بۆ خەڵكی باس بكە، ئازارەكانی ژیانیان لەسەر سووك بكە بە ئاڕاستەكردنیان بۆ ڕووناكیو بیركردنەوەی لەبارو پۆزەتیف، چاكەكانیان بۆ دەربخەو خراپەكانیان بشارەوە.
ئا/ بەرزان ئەبوبەكر ڕەشید له گۆڤاری بڕیار بڵاو کراوهتهوه
|