|
سێ شەممە, 22 حوزەیران 2010 22:53 |
|
رەشەبایەکی توند و بەهێز لە پانتایی دەریادا هەڵیکردە سەر کەشتییەک و نوقمی کرد، هەندێ لەسەر نشینەکان رزگاریان بوو، یەکێک لەوانە پیاوێک بوو کە شەپۆلەکانی دەریاکە گەیاندیانە کەنار دوورگەیەکی چۆڵ و نەناسراو، کاتێ پیاوەکە هاتەوە هۆش خۆی و هەستایەوە کەوتە سەر ئەژنۆکانی و سەیری دەوروبەری خۆی کرد کەسی بەدی نەکرد، بارودۆخەکە زۆر دژوار بوو، دوورگەیەکی چۆل دەنگی بە هیچ کەس نەدەگەیشت جگە لە پەروەردگار، هەر بۆیە دەستەکانی رووەو ئاسمان بەرزکردەوەو داوای یارمەتی لە خوای گەورە کرد تا لەو بارودۆخە دژوارە رزگاری بکات.
چەند رۆژێ تێپەڕی، ئەم پیاوە بە تەنها لەو دوورگەیە مایەوە، واردنی تەنها لە بەروبومی ئەو درەختە خۆرسکانەبوو کە لە دوورگەکەدا هەبوون، ئاوی خواردنەوەی لە جۆگەیەکی نزیک دوورگەکە خواردەوە، کوخێکی لە لقی درەختەکان دروست کرد، بۆ حەوانەوەو پاراستنی لە سەرمای شەو و گەرمای رۆژ. رۆژێک خواردنی خستە سەر ئاگرەکەو چاوەڕوانی دەکرد تا پێ بگات، لەم کاتەدا کەمێک دوورکەوتەوە لە کوخەکەو بەناو دوورگەکەدا دەگەڕا، لە ناکاو بینی دوکەلڕ لە کوخەکەوە بەرز بۆوە، بە هەڵە داوان بەرەو رووی کوخەکە رۆیشت، بەڵام تا گەیشتەوە کوخەکە بە تەواوی سوتا بوو... زۆر نیگران بوو، هاواری دەکردو دەیگوت: خودایە گیان... تەنانەت کوخەکەشم سوتا... هیچم بۆ نەماوەتەوە لەم دونیایەدا، من نامۆم لەم شوێنەداو هاوارم بە هیچ شوێنێک ناگات جگە لە دەرگای بەزەیی تۆ!! پیاوەکە بە دەم خەم و خەفەت و نیگەرانی و برسێتییەوە خەوی لێ کەوت، بەڵام لە لە ناکاو رووداوێکی سەیرو چاوەڕوان نەکراو روویدا، رووداوێک کە هەرگیز چاوەڕێی نەدەکرد.... ئەویش بینی کەشتییەک بوو کە بەرەو دوورگەکە رێڕەوی گرتووەو تا دێت زێتر نزیک دەبێتەوە، لە دڵی خۆیدا دەیگوت تۆ بڵێی بۆ رزگار کردنی من هاتبن؟ کاتێک کەشتییەکە گەیشتە دوورگەکە، کابرا زۆر شادمان بوو، خۆشی سەرتاپای گیانی داگرتبوو، خۆشییەک کە نەیدەزانی چۆن گوزارشی لێ بکات! کاتێک پیاوەکە چووە نێو کەشتییەکەوە لێی پرسین: چۆن زانیتان من لەم شوێنەدام؟ لە وەڵامدا وتیان: دووکەڵێکمان بینی، زانیمان کە کەسێک لەو جێگەیەدا هەیەو داوای یارمەتی دەکات!!! بە وردبوونەوەوەمان لەم بەسەرهاتە زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە کە پێشتر درکمان پێ نەکردووە، یاسایەکی گەورە لە ژیانماندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەندێ جار ئێمە بە رووداوێک نیگەرانین بەڵام لە راستیدا خێری تێدایە. لەسەر هەمووان پێویستە کە کاتێک تووشی ناڕەحەتی یان رووداوێکی ناخۆش دەبین نەهێڵین ببێتە مایەی بێ هیوایی و گازەندە کردن، زۆر جار روویداوە کە بەهۆی رووداو یان کارەساتێکەوە زۆر دلڕ تەنگ بووین و گەشتوینەتە ئەو پەڕی بێ هیوایی وەک بڵێی ئیتر هەموو دەروازەکانمان لێ داخراوە، بەڵام پاش ماوەیەک بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەو کارەساتە تەنها بۆ کردنەوەی دەروازەی کارێک یان خۆشییەک بووە کە هەرگیز بیرمان لێنەکردۆتەوە. مرۆڤی ژیر و هۆشیار تەنها سەیری یەک دیوی رووداوەکان ناکات، بەڵکو هەست دەکات لە پشت هەر کارێکەوە چەندین نهێنی هەیە! بۆ نموونە لەناو خواردنێکی بەتام و رازاوەدا لەوانەیە ماددەیەکی زیان بەخشی تێدابێت، بە زیاتر خواردنیشی کاریگەری خراپی ماددەکە زیاتر دەبێت، واتە با تەنها بۆ رووکاری دەرەوە هەنگاو نەنێین تا لە پاکی و دروستی ناوەڕۆکەکەشی دڵنیا دەبین، یان بە پێچەوانەوە لەکاتێکدا دەرمانێک بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاریدەهێنین، دڵنیاین لەوەی کە تامی ناخۆش و تاڵە بەڵام بێگومان هۆیەکە بۆ چاک بوونەوەمان! کەواتە با هەموو فێر بین و تێبگەین لەوەی کاتێک دەرگایەکمان لێ دادەخرێت دڵنیابین لەوەی کە دەرگایەکی ترمان بە روودا دەکرێتەوە و بێ هیوا نەبین و نائومێدی روومان تێنەکات، ئاوابوونی رۆژی پرشنگدار هەڵهاتنی مانگی بەدواوەیە بۆ رووناککردنەوەی شەوی تاریک. بەهیوای ئەوەی کە هەموو کات لە لوتکەی هیوا و گەشبینیدا بین و بەرگی رەش بینی و نائومێدی بدڕێنین و دڵنیا بین لەوەی لە دوای هەموو ناخۆشی و ناڕەحەتییەک خۆشی و ئاسوودەیی روومان تێدەکات. لە کۆتاییدا پێت دەڵێم ئاگاداربە لە کۆتایی هەموو تونێلێکدا پرشنگی خۆر و تاڵە زیویە رووناکەکانی بەدیار دەکەون.
و: سایه فارس
|